لە کەرکوک دەستڕێژی گولـلە لە مەفرەزەیەکی پۆلیس کرا

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە شاری کەرکوک لەلایەن ماتۆرسکیلێکەوە دەستڕێژی گولـلە لە مەفرەزەیەکی پۆلیس کرا.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی چەند جارێک بە ماتۆڕسکیل تەقە کراوە لەناو شاری کەرکوک، یەکێک لەو ماتۆڕسکیلانە تەقە لە مەفرەزەیەکی هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک دەکات و هەڵدێت، هێزە ئەمنیەکانی شارەکە بازگە دادەنین لەناو شار بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە.

هەر ئەم شەو لە نزیک کۆلێژی یاسای کۆن لە کەرکوک، ماتۆڕسکیلێکی دیکە لە بازگەیەکی هێزە ئەمنیەکانی شارەکە دەدات و هەڵدێت، لە کاتی ‌هەڵهاتنی ماتۆرسکیلەکە هێزە ئەمنیەکان تەقەی لێدەکەن و بەهۆییەوە شۆفێری ماتۆڕەکە کە گەنجێکی تورکمانە بەناوی (وەلید یەشار محەمەد) بڕیندار دەبێت و پاشان ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی دەکرێت.

هەر بەو هۆیەوە هێزە ئەمنیەکانی شاری کەرکوک قەدەغەی هاتووچۆی ماتۆڕسکیلیان ڕاگەیاند و تا ئێستاش چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە.

ژ.ت